Skip to the content

بیست ھەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی ھەولێر تاپۆ دەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پێدانی زانیاری و ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی تەواوبوونی تاپۆی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری، و چۆنێتی ھەڵسوکەوتکردن لەسەر ئەو زەوییانە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦.٩.٢٠٢١ د. لوقمان عومەر بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێمی کوردستان، بە ھاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامداو تیایدا، لوقمان عومەر،  ڕایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ٢٠ھەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی ھەولێر تاپۆ دەکرێن و فەرمانگەکان راسپێردراون بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارتەکان بکەنە تاپۆ. 

‎بەڕێوه‌بەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ھەرێمی کوردستان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، ڕوونیکردەوە: "نزیکەی ٢٠ھەزار پارچە زەوی لە کارتەوە کراون بە تاپۆ و کاریان تەواو بووە، لەوانە سێ ھەزاریان بوونەتە تاپۆ کە گوندی کۆری و جووتیارانی گەڕەکی بەختیاری دەگرێتەوە و حەوت ھەزاری دیکەش لە هەفتەی داھاتوودا تەواو دەبن".

‎بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کار لەسەر ١٥ھەزار کارتی دیکە دەکرێت، کە کاری سێ ھەزار و ٥٠٠کارتیان لە دە ڕۆژی داھاتوودا تەواو دەبێت و کاری حەوت ھەزار کارتی دیکەش لە کەرتەکانی دیکەی شارەوانی بەردەوامە. ھەروەھا سێ ھەزار کارتی گەڕەکی ژین چاوەڕێی شارەوانیی ھەولێر دەکەن تاوەکو نەخشەی دابەشکارییەکەیان بنێرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش تاپۆ بکرێن.