Skip to the content

شاندێکی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی ئۆکرانی، سەردانی وەزارەتی دادی کرد

ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق(GOV.KRD)-  ڕۆژی یەکشەممە ( ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١)، وەزیری دادی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی ئۆکرانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، دکتۆر، عیماد باڵەک، کۆبۆوە. فرسەت ئەحمەد  وەزیری دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند ھەرچەندە دادگای بازرگانیمان نییە، بەڵام چەندین بیرۆکە ھەیە، لەوانە، دامەزراندنی سەنتەر یان دەستەی ناوبژیوانی و ئاشتەوایی و سازاندن ( التحکیم و المصالحة و التوفیق)، کە دەبێت سەر بە وەزارەتی داد بێت، بە تایبەتی ئێستا، سەنتەری توێژینەوەی یاساییمان داناوە، کە یەکێک لە ئەرکەکانی دیراسەتکردنی  زۆر فکرەی لەو جۆرەیە.  

وەزیری داد ھەروەھا گوتی "ھەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ بازرگانی کارێکی گرنگە، چونکە وا دەکات دۆسییە و کێشە بازرگانییەکان، خێراتر یەکلایی بکرێنەوە و کاروباری بازرگانان و کۆمپانیاکان دوانەکەون. چونکە ھەموو دواکەوتنێک لە ئیشی ئەوان ڕەنگبێ زیانی ئابووری بەدواوە بێت". 
  
ھەر لەو دیدار و کۆبوونەوەیەدا، وەزیری دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی یاساکانی ناوبژیوانی و کێشەکانی بازرگانی و جیاوازییان لەگەڵ کێشە مەدەنیەکان و یاساکانی سازاندن و ئاشتەوایی، ڕوونکردنەوەی پێویستی خستەڕوو، ھەروەھا پەیوەندییەکانی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕووی یاسایی و دادوەرییەوە و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە و دۆسییە یاساییە بازرگانییەکان و خێرا یەکلاکردنەوەی دۆسییەکان لەبەردەم دادگا و پێویستیی ھەبوونی دادگایەکی بازرگانی، تەوەر و بابەتی سەرەکی دیدارو کۆبوونەوەکە بوو.  

فرسەت ئەحمەد وەزیری دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لەو دیدارەدا گوتی کە پێشتریش دووجار بۆ دانانی دادگای بازرگانی، لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان قسەکراوە، کە ئەو کات بەھۆی کەمیی ژمارەی دادوەرانەوە، نەکرا، بەڵام ڕەنگبێ ئێستا ڕەوشەکە لەبارتربێت، چونکە لە دوا خولی پەیمانگەی دادوەریی کە ئەمساڵ کۆتایی ھات، ژمارەیەک دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی نوێ، خوێندنیان تەواو کردووە و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەستبەکار دەبن.