Skip to the content

وەزیری داد....نادەستووریانە لەسەدا سیی یاسای نەوت غاز دەستکاریی کراوە

هەولێر- هەرێمی کوردستان-عێراق،GOV.KR- "فەرسەت ئەحمەد" وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی یاسای نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و هۆکاری دواخستنی دەرچوواندنی یاسای نەوت غاز لە عێراقدا، دووپاتی لەوە کردەوە کە بەغدا، نزیکەی لەسەدا سیی ناوەڕۆکی ماددەکانی پرۆژە یاسای نەوت و غازی نادەستوورییانە و یەکلایەنانە گۆڕیوە، و هەردواشی دەخست، هەربۆیە هەرێمی کوردستان دەستووریانە یاسای نەوت و غازی خۆی دەرچوواندووە. 
 وەزیری داد ڕاشیگەیاندووە: " یاسای نەوت و غاز، ڕەنگدانەوەی ستراتیژێتی نەوت و غاز بوو، کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا، یەکەم پڕۆژە یاساکەی ئامادە؟کراو، بە پێی ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا لەسەر ئەو پڕۆژەیە ڕێککەوتن و نێردرا بۆ ئەنجوومەنی شوورا" 
لەبارەی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی شوورای عێراق بۆ تەماشاکردنی پڕۆژە یاساکان وەزیری داد گوتی:"  ئەنجوومەنی شوورا، تەنیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، لە لایەنی داڕشتنەوە، تەماشای پڕۆژەکە بکات، بەبێ ئەوەی دەست بۆ لایەنی بابەتیی ببات، بەڵام ئەنجوومەنی شوورا دەستی خستە ناو لایەنە مەوزوعییەکانی پرۆژە یاساکەوە" .، لەو کارەشیدا تەنیا شارەزایانی وەزارەتی نەوتی عێراقی بانگ کردبوو، بەبێ ئەوەی شارەزایانی حکومەتی هەرێم بانگ بکات، ئەوەش تەواو پێچەوانەی بڕگەی دووی ماددەی ١١٢ی دەستوورە، کە دەڵێت " ستراتیژیەتی نەوت و غاز بەیەکەوە دادەڕێژرێت"،
لەبارەی ئەو ماددە دەستووریانەی کە پشتیوانی لە قسەکانی ئەو دەکەن، وەزیری داد گوتی :" ماددەی (١١٢) ی دەستووری کۆماری عێراق- ٢٠٠٥- لە بڕگەی دووەمیدا، دەڵێت : 
‎" بەمەبەستی گەشەپێدانی سامانی نەوت و غاز، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی کە بەرهەمهێنن، بەیەکەوەی سیاسەتە ستراتیژیە پێویستەکان دادەڕێژن".
وەزیری داد کە خۆی لەکاتی داڕشتن و دانانی دەستووردا ئامادە بووە، پێی وایە کە دانانی وشەی (بەیەکەوە) کە دانرا بەو مەبەست و مانایە نەبوو، کە لایەنێک سیاسەتەکان دادەڕێژێت و دەینووسێتەوە و، دەینێرێت بۆ لایەنەکانی دیکە، تا تێبینییەکانی خۆیانی لەسەر بدەن. نەخێر بەڵکو، مەبەستی ئەوەیە کە دەبێت هەمووان بەیەکەوە، دابنیشن و ستراتیژێتی نەوت و غاز بەیەکەوە دابڕێژن، کە بەداخەوە ئەوان وایان نەکرد . 
وەزیری داد گوتیشی:" لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا، بیست و یەک پەرلەمانتار کە خۆم یەکێک بووم لەوان لە دانانی ئەو وشەیەدا بەشداربووین، بە ئامادەبوونی خوالێخۆش بوو "جەلال تاڵەبانی" و   "مەسعود بارزانی"، گفتوگۆیەکی زۆری لەسەر کرا و دواجار وشەی ( بەیەکەوە)مان هەڵبژارد، بۆ ئەوەی یەک لەلایەنەکان بەتەنیا خۆی پڕۆژە یاسا یان ستراتیژی نەوت و غاز نەنووسێتەوە" ، هەروەها گوتی  " ئەنجوومەنی شورا لە ڕووی مەوزوعییەوە دەخالەتی کرد، ئەوەش لەکاتێکدا دەقی دەستوور دەسەڵاتی ئەنجوومەنی شوورای لەوەدا قەتیس کردووە کە تەنیا لە ڕووی داڕشتنەوە بۆی هەیە تەماشای بکات . بەڵام ئەوان چییان کرد، یاسایەکیان دەرکرد، بەپێی ئەو یاسایە دەسەڵاتی ئەوەیاندا بە ئەنجوومەنی شوورا  تا لەلایەنی بابەتیشەوە مافی دەستوەردانی هەبێت، لەکاتیکدا دەستوور باڵاترین یاسایە، و پێویستە ئەو یاسایەی کە پێچەوانەی دەستوورە کاری پێنەکرێت، بەو دەستوەردانە، ئەوان لەڕووی بابەتییەوە، نزیکەی لە سەدا سیی ناوەڕۆکی ماددەکانی پڕۆژە یاسای نەوت و غازیان گۆڕی" 
لە؟بارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر ئەو دەستوەردانە وەزیری داد دەڵێت:" لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیی خۆمان نیشاندا کە دابنیشین گفتوگۆ لەسەر ماددە دەستکاریکراوەکان و گۆڕاوەکان بکەین، نەیانکرد. هەربۆیە بەرپرسیارێتی دواخستنی پڕۆژە یاساکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی بەغدا، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ئێستا یاساکەیان دەرنەکردووە و وێڕای هەموو داکۆکیەکانی - ( دفوعاتەکانی ) ئێمە لەبەردەم دادگای فیدراڵی دا، کەچی ئەو  دادگایە، هیچ لەو بابەتانەی لەبەرچاو نەگرت، دووپاتمان لەوە کردەوە لەبەرئەوەی حکومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساکەی دواخستووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناچار بووە کە یاسای نەوت و غازی تایبەت بە هەرێم دەربکات، چونکە ڕەوا نییە پاش هەموو ئەو ساڵانە ئێمە هەر چاوەڕێ بکەین و پڕۆژە یاساکەش لەسەر ڕەفە دانرابێت، و داهاتیشمان بە جۆرێک سنووردارە کە بەشی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانمان ناکات" .