Skip to the content

کار لەسەر پێشخستنی پەیمانگەی دادوەری دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان. عێراق (GOV,KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢، لە چوارچێوەی دانیشتنێکی زانستیدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی داد، بەهاوکاریی رێکخراوی (UNDP) پرۆژەیەکی بۆ چۆنییەتیی پەرەپێدانی پەیمانگەی دادوەریی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرد، پڕۆژەکە بریتییە لە توێژینەوەیەکی زانستیی دکتۆر وەسیم ئەلحەرب پسپۆڕ و راوێژکاری باڵای بواری حوکمی یاسا کە بۆ هەڵسەنگاندن و شێوازی پەرەپێدانی پەیمانگەی دادوەریی هەرێمی کوردستانە، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی پەیمانگەی دادوەرییە.

لە یەکەم دانیشتنی ۆرکشۆپەکەدا، وەزیری دادیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرسەت ئەحمەد و دادوەر
لەتیف عوسمان نوێنەری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان و دکتۆر سەردار یاسین سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و دکتۆر عوسمان یاسین بەڕێوبەری گشتیی پەیمانگەی دادوەری و نوێنەری سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دکتۆر محەمەد شەهاب، وتەیان پێشکەش کرد.

دواتر، دکتۆر وەسیم ئەلحەرب، توێژینەوەکەی پێشکەش کرد و کۆمەڵێک پرسیار و سەرنجی خستەڕوو کە گفتوگۆ و وتووێژی خستەوە لەبارەی: چۆنێتیی پەرەپێدانی پەیمانگەی دادوەریی هەرێمی کوردستان لە بارەی یاسای پەیمانگەی دادوەری و چۆنێتیی وەرگرتنی بەشداربووانی خولەکان و لەبارەی پەرەپێدان و تازەکردنەوەی میتۆدی خوێندن لە پەیمانگە و ساڵانی خوێندن و مەرجەعی پەیمانگەی دادوەری.

شایەنی باسە دانیشتنەکە بە کۆمەڵێک راسپاردەی گرنگ بەکۆتاهات، کە وەزارەتی داد لە داهاتوویەکی نزیکدا لەبەرچاوی دەگرێت و لێکدانەوەی زیاتری لەسەر دەکات.