Skip to the content

بریکاری وەزارەتی داد لە گەڵ بەرپرسی بەشی دژەتیرۆر لە قۆنسۆڵخانەی گشتی بەریتانیا کۆبووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد، لە دیوانی وەزارەتی داد لەگەڵ کریستین ماکلاین، بەرپرسی بەشی دژەتیرۆر لە قۆنسۆڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووە .

لە دیدارێکدا کە نەریمان تاڵیب وتەبێژی وەزارەتی داد ئامادەی بوو، چەندین بابەتی یاسایی جێی بایەخی هەردوولا باسیان لێوەکرا.
بریکاری وەزارەتی داد، داوای لە شاندی میوان کرد کە بەمەبەستی سود وەرگرتن لە ئەزموونی دامەزراوە دادیی و دادوەرییەکانی بەریتانیا و بەتایبەت پەیمانگەی دادوەریی، هاوکاری پەیمانگەی دادوەریی هەرێمی کوردستان بکەن چونکە دامەزراوەکانی وەزارەتی داد پێویستیان بە وەرگرتنی ئەزمون و زانیاری زیاتری دامەزراوەکانی وڵاتێكی پێشکەوتووی وەکو بەریتانیا هەیە بە تایبەت لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا.

شیلان عارف، ئاماژەشی بەوەدا کە دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو لەناوبردنی، هەڵمەت و چالاکی زۆر کاریگەریان هەیە، بەڵام بە پێی ئامارەکان هەبوونی مادەی هۆشبەر مەترسیدارە و تیرۆرێکی بێدەنگە، بۆیە پێویستە گەلی کوردستان چۆن روبەروویی تیرۆریستانی داعش بووەوە بەهەمان شێوە و توندتریش بەرەنگاری مادەی هۆشبەر بێتەوە .