Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەمەبەستی گفتوگۆکردن بۆ پیادەکردنی پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری هەریەک لە فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد و عەبدوڵا مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا لەبارەی چۆنیتی دروستکردنی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان، چەندین بیرۆکە و پلان و رێگەچارە پێشنیازکران و گفتوگۆیەکی جددیان لەبارەوە کرا.

بڕیارە وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو بیرۆکانەی لە کۆبوونەوەکە گەڵاڵە کران، بۆ بڕیاردان، بخرێتە بەردەم لیژنەی باڵای وەبەر‌هێنان لە هەرێمی کوردستان و بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێ بوون (شوقە ) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان.