Skip to the content

وۆرکشۆپێک بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنى بەشى ژمێریارى فەرمانگە دادنووسییەکان بەڕێوە چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٢/٢٠٢٢) و لە فەرمانگەى دادنووسى ئێواران ـ هەولێر و بە ئامادەبوونى ئازاد ڕۆستەم کاریتانی بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگە دادییەکان و دادنووسە یەکەمەکانى هەر چوار پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجەو دادنووسە یەکەمەکانى ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرى ژمێریارییەکانیان، کۆبوونەوەیەکى بەفراوان بە مەبەستى بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکانى سەر بە وەزارەتى داد بەڕێوە چوو.

بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگە دادییەکان لە وتەیەکدا باسى گرنگى وۆرکشۆپەکە و بابەتى بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى ژمێریارییەکانى فەرمانگە دادنووسییەکانى کرد و گوتى: "ئێمە ڕۆژانە لەم بەشانەدا کێشەمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە و لە ڕووى ژمێریارییەوە تووشى هەڵەش دەبینەوە، بۆیە بە بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى ژمێریارى فەرمانگە دادنووسییەکان ئەم کێشانەمان لە کۆڵ دەبێتەوە و کارئاسانییەکى زۆریشمان بۆ دەکرێت لە ڕووى دروستى هەژمار و حیسابەکان و ڕاکێشان و دیاریکردنى جۆرى ئامارەکانى ڕۆژانە و حەفتانە و مانگانە و ساڵانە و ئیتر فەرمانبەر ئەو هەموو ماندووبوونە ناکێشێت کە ئێستا ڕووبەڕووى دەبێتەوە".
ئازاد ڕۆستەم ڕوو لە دادنووسە یەکەمەکانى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەرانى ژمێریارى، گوتى: تکایە بە وردییەوە سەرنج بخەنە سەر بابەتەکە، چونکە ئێمە لە چوارچێوەى کارنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کارمان لەسەر بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى خزمەتگوزارى فەرمانگە دادنووسییەکان کردووە و سەرکەوتنمان بەدەست هێناوە و یەکێکە لە پڕۆژە بەئەلیکترۆنیکراوە گەورەکانى حکومەت کە نزیکەى ٦٥ فەرمانگەیە، بۆیە ئێستا بە بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى ژمێریاری و یەکە کارگێڕییەکانى فەرمانگەکان بە تەواوى فەرمانگەکانمان بەئەلیکترۆنی دەکرێت و هاووڵاتیان و فەرمانبەرانیش دڵخۆش دەبن بەم کارە چونکە هەم کاتیان بۆ دەگەڕێتەوە و هەم بە جوانترین شێوە خزمەتیان دەکرێت لە ڕاییکردنى مامەڵەکانیان".
دوار عەبدولستار فەیسەڵ بەڕێوەبەرى گشتى پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکانیش گوتى: "ئێمە بەڵێنى کارى جوان و بەئەلیکترۆنیکردنى کۆى سیستەمى فەرمانگە دادنووسییەکانمان دابوو بە حکومەت و دواى جێبەجێکردنى دوو هەنگاوى سەرەکى لە بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى خزمەتگوزارى فەرمانگە دادنووسییەکان و دامەزراندنى داتاسەنتەرى گەورەى فەرمانگەى داتا و زانیارى، ئێستا سەرقاڵى پێکەوەبەستنەوەى فەرمانگە بەئەلیکترۆنیکراوەکانین و لەم چوارچێوەیەشدا دەمانەوێت پڕۆژەکە تەواوتر بکەین ئەویش بە بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمى ژمێریارى ئەو فەرمانگانە لەگەڵ بەئەیلکترۆنیکردنى بەشى کارگێڕییەکەیان تا بە تەواوى کۆى فەرمانگەکە بەئەلیکترۆنى بکرێت و بەمەش وەرچەرخانێکى گەورە لە ڕاستاى بەرنامەى حکومەتى هەرێم و بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دروست دەبێت.
دواى دوو کاتژمێر لە وۆرکشۆپەکە، سەرجەم تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانى بەئەلیکترۆنییەکە خرانە ڕوو و بەرپرسى فەرمانگە یەکەمەمانى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆمان و فەرمانبەرانى بەشى ژمێریارییەکەیان سەرنج و تێبینییەکانیان خستە ڕوو بۆ دەوڵەمەندکردنى پڕۆژەکە.