Skip to the content

وەزیری داد لەگەڵ کونسوڵی گشتیی تورکیا کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ۱۳ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەتی داد، لەگەڵ هاکان کاراچای، كونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک بابەتی جێی بایەخی هەردوولا باسی لێوە کرا، لەوانە ئەو بڕیارانەی دادگە کە گەیشتوونەتە فەرمانگەکانی جێبەجێکردنی سەر بە وەزارەتی داد و پەیوەندییان بە هاووڵاتیان و خاوەنکارانی تورکیاوە هەیە.
وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی داد و دادپەروەریی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی وڵاتانی بیانی کە لە هەرێم میوانن یان کار دەکەن، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە، وەکو وەزیری داد و وەزارەتی داد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد، سەرنجی کونسوڵی گشتی تورکیای بۆ گلەیی و تێبینی ئەو هاووڵاتیانە ڕاکێشا، کە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی «ئیبراهیم خەلیل»ەوە، سەردانی تورکیا دەکەن، بە تایبەتی هەندێک جار بۆ ماوەی ٥ تا ٧ کاتژمێر چاوەڕێ دەکەن ئینجا لەلایەنی تورکیاوە دەست بە ڕاییکردنی مامەڵەکانیان دەکرێت، وەزیری داد، داوای لە کونسوڵی گشتی تورکیا کرد، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت لەناو ئەو هاووڵاتیانەدا، ژن و منداڵ و کەسانی نەخۆش و پەککەوتە هەیە و پێویستیان بە بایەخپێدانێکی تایبەت هەیە و نابێت چەندین کاتژمێر، رابگیرێن.
لەلای خۆیەوە، هاکان کاراچای، کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گفتی ئەوەیدا کە لەگەڵ، بەرپرسانی حکومەتی تورکیا قسە دەکات و، ئامانجی ئەوانیش، سەلامەتی و باش ڕاییبوونی گەشت و سەردانی ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستانە کە سەردانی تورکیا دەکەن، چ لە دەروازەی سنووری و چ لەناو تورکیاش.