Skip to the content

وەزیری داد چەند داواکاری و پێشنیازێکی خستە بەردەم ڕێکخراوی یونیسێف

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ گەورە شارەزایانی ڕێکخراوی یونیسێف، ڕەوشی مافەکانی منداڵانی تاوتوێ کرد و کۆمەڵێک پێشنیار و داوای خستە بەردەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە.
لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی ڕێکخراوی یونیسێف، پڕۆژەیەکی بەناوی "دادگەریی بۆ نەوجەوانان" خستەڕوو،
وەزیری داد وێڕای خستنەڕووی زانیاری گرنگ لەبارەی یاساکانی پەیوەست بە نەوجەوانان و ڕەوشی چاکسازییەکان و چۆنیەتی دادگاییکردنی ئەو نەوجەوانانەی تاوانێک دەکەن و تەمەنی یاساییان تەواو نەکردووە و هیچ بەرپرسیارێتییەکی سزاییان ناکەوێتە سەرشان، ئاماژەی بەوەشدا دادگای تایبەتمەندی خۆیان هەیە و چاکسازیی تایبەت بە نەوجەوانانیش هەیە.
"فەرسەت ئەحمەد" وەزیری داد، لە کۆبوونەوەکەدا، داوای لە ڕێکخراوی یونیسێف کرد، هاوکاریی دەزگا تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ دامەزراندنی ئەو جۆرە دەزگا و پەیمانگە و سەنتەرانەی ڕاستەوخۆ دەبنە هۆکاری باشترکردنی ڕەوشی منداڵان و بەهۆیانەوە دەتوانین باشتر مافەکانی منداڵان بپارێزین، چونکە تەنیا قسەکردن و گفتوگۆکردن و ڕاگەیاندنی هۆشیاری، لە سیمینار و پانێڵ و وۆرک شۆپەکاندا، بەس نین و نابنە هۆی گۆڕین و چاکسازیکردن لە ڕەوشی مافەکانی منداڵان و باشترکردنیان و بیناکردنی ئەو دەزگەیانەی کە بۆ خزمەتکردنی منداڵان دەمێننەوە.
لەوبارەیەوە، وەزیری داد ڕایگەیاند ماوەی سێ ساڵ زیاترە، بەڕێوبەرایەتی ئەندازەی وەزارەتی داد، دیزاینی دروستکردنی سەنتەرێکی تەواو کردووە بۆ ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان بە بڕیاری دادگا، لەیەکتری جیابوونەتەوە و پێویستە منداڵەکان مانگانە، باوک یان دایکی خۆیان ببینن، بەڵام لەبەر دروستنەکردنی سەنتەرەکە ئەو منداڵانە و دایک و باوکیان، دەبێت لە ڕێڕەو و هۆڵ و لە باخچەی فەرمانگەکانی جێبەجێکردنی سەر بە وەزارەتی داد، یەکتر ببینن، ئەوەش ئازار و خەمی ئەو منداڵانەی زیاتر کردووە .
هەروەها ڕاشیگەیاند ڕەوشی ژیانی ئەو منداڵانەی لە چاکسازیەکانی ئافرەتاندا، لەگەڵ دایکە سزادراوەکانیانن، بە هیج جۆرێک ڕەوشێک نییە گونجاو بێت بۆ ژیانی ئەو منداڵانەی بەهۆی تاوانی دایکیانەوە ناچارن لەوێ بژین" .
لەوبارەیەوە ئەندامانی شاندەکەی یونیسێف، گفتی ئەوەیاندا کە تاوتوێی ئەو داواکاریی و پێشنیارانە بکەن و لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەیان بەناوی " پڕۆژەی دادگەریی بۆ نەوجەوانان"، هەموو لایەنەکانی دیدو داواوپێشنیارەکانی وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن .