Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی حکومیی دامەزراوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  بەڕێوەبەرایەتی "جێبەجێكردنی دووی هەولێر"  یەكێكە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی "فەرمانگە دادیەكان"ی سەر بەوەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٠ دامەزرێنراوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی حکومی. 
‏‎لە سەرەتای کارەکانیانەوە لەوەزارەتی داراییەوە بەگشتی، و  لە قەرزی بانکەكانەوە بەتایبەتی دەستی پێکردووە , لە ماوەیەکی  كورتدا  (54 ) موڵكیان  خستۆتە موزایەدەوە  و  (50) موڵكی وەزارەتی داراییشیان، لە بری قەرز وەرگرتۆتەوە، و   (4)   موڵكیش  فرۆشراون و داهاتەكانیان بۆ وەزارەتی دارایی گەڕێنراونەتەوە.  ئێستا (39) موڵكی تر لە موزایەدەن كە ئامادەنەبوون قەرزی حكومەت لەكاتی خۆیدا بدەنەوە . 
‏‎ئەوەش لەچوارچێوەی یاسا و بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەی نۆیەمە ,لەبەر زۆری دۆسیەكانی جێبەجێكردن و كاریگەری لەسەر پەككەوتن و دواكەوتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگاكان و دیكۆمێنتەكانی جێبەجێكردن , بۆپاراستنی مافی حكومەت و هاووڵاتی،  بڕیاری كردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە درا. 
بەر لە کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، قەرزی حکومەت لەلای کۆمپانیاکان و گەورە بازرگانەکان، بەشێوەیەکی جیاوازتر وەرگیراوەتەوە کە پارێزگار و قایمقامەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان،  هەریەكە و بەگوێرەی شوێن و پسپۆری خۆیان، دەسەڵاتیان هەبووە كە ئەو داهاتانە كۆبكەنەوە،  ئەمەش وایكردبوو پەرش وبڵاوی و ناڕێکییەک هەبێت، چونکە نەدەتوانرا كۆنترۆڵ بكرێ، بەڵام ئێستا توانراوە ڕێكخستن و یەكخستنەوە و گێڕانەوەی ئەو قەرزانە باشتر و ئاسانتر بێت.