Skip to the content

شاندێکی حکوومەتی هەرێم بەشداریی خولی ساڵانەى ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ تاوانە ڕێکخراوەکان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- شاندێکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ڤیەنناى پایتەختى نەمسا بەشداریان لە خولى ساڵانەى ڕێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوانە ڕێکخراوەکان کرد.

شاندەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر دکتۆر سەردار یاسین حەمەدئەمین، سەرۆکى ئەنجوومەنى شووراى هەرێمى کوردستان و هەریەک لە د.محەمەد شەهاب محەمەد ئەمین، نوێنەرى سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى وەزیران، بۆتان بەکر، نوێنەرى وەزارەتى داد، عەقید دارا فاروق، بەڕێوبەری بەرەنگاربوونەوەی تاوان نوێنەرى وەزارەتى ناوخۆ بوو.

لە میانەى بەشداریکردنەکە، دادوەر د.سەردار، وەک سەرۆکى شاندەکە، پانێڵێکى تایبەت بە پڕۆژەیاساى ئامادەکراو لەلایەن لیژنەى تایبەتمەند بە ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی لە هەرێمى کوردستان، وەک یەکێک لە تاوانە ڕێکخراوەکان و هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێمی لەو پێناوەدا پێشکەش کرد.

تاوانە ڕێکخراوەکان لەو جۆرانەن کە مەترسییەکی گەورەن لەسەر مرۆڤایەتی، بۆیەش ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەیانەوێت لەسەر ئاستی حکوومەتەکان ڕووبەڕوویان ببنەوە و دەوڵەتان لە ڕێی دامودەزگاکانییانەوە هەماهەنگی بکەن. ئەم بەشدارییەش لەو چوارچێوەدایە.