Skip to the content

دەیڤد هانت کونسوڵی گشتیی بەریتانیا سەردانی وەزارەتی دادی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەیڤد هانت، کونسوڵی گشتیی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە و کۆمەڵێک بابەتی یاسایی جێی بایەخی هەردوولا باس کران.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری داد، دووپاتی لە بایەخی پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی داد و کونسوڵخانەی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان کردەوە و داوای کرد بەمەبەستی پەرەپێدانی سەنتەری توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد و پێشخستنی زیاتری وانەکانی پەیمانگەی دادوەری، هاریکاریی وەزارەتی داد بکەن؛ بەتایبەتی بۆ زیاتر ناساندنی رۆشنبیریی یاسایی ئەنگلۆسەکسۆنی.

وەزیری داد لەوبارەیەوە رایگەیاند" تا ئەمڕۆش سیستمی یاساییی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەژێر کاریگەریی رۆشنبیریی یاسایی لاتینی وفەرەنسیدان، هەربۆیە بواری یاسای بەراوردکاری بۆ پێشخستنی سیستمی یاساییمان زۆر گرنگە و لەو پێناوەدا پێویستیمان بەوە هەیە کتێبەکانی فیقهی یاسایی ئەنگلۆسەکسۆنی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەربگێڕینە سەر زمانی کوردی و لەوبارەوە کونسوڵخانە یارمەتیمان بدات."

بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە ئێستا و لە داهاتووشدا، وەزیری داد ئامادەیی خۆی نیشان دا.
لە بەرانبەردا کونسوڵی گشتیی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان، دەیڤد هانت، سوپاسی وەزارەتی دادی کرد و ستایشی ئەو پێشکەوتنەی کرد کە لە دوای ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە و ئاماژەی بە پلان و کاری هاوبەشی وەزارەتی داد و کونسوڵخانەی بەریتانیا کرد، بەتایبەتی لە بواری پێشخستنی کاری لێکۆڵەرەوانی یاسایی و پەرەپێدانی پەیمانگەی دادوەری.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەری سەرۆکی داواکاری گشتی، خەڵات نەجمەدین موفتی، ئەندامی داواکاری گشتی و بەرپرسی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئامادەی بوو، وەزیری داد وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری کونسوڵی گشتیی شانشینی یەکگرتووی دایەوە.