Skip to the content

لە ساڵی ڕابردوودا ٨١٣١ کارتی زەوی تۆمارکراون

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەکوو چارەسەرێک بۆ كێشەی زەوییە بێتۆمارەكان، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢، فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماركردنی خانووبەرە، ٨١٣١ كارتی زەوییان تۆمارکردووە.

٧٥٠٠ كارتی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی تۆماری دووەمی هەولێر لە كەرتی باغەمرە ئەفەندی و ٦٣١ كارتی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی خانووبەرەی عەنكاوە لە كەرتی 1ی گردجووتیار تۆماركراون.

بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو لە ڕێورەسمێكدا، سەرجەم وێنەی تۆمارەكان ڕادەستی لیژنەی باڵای گۆڕینی كارت بۆ سەنەد بكرێت.

ئەو هاووڵاتییانەی كە لەم دوو كەرتەدا كارتیان پێدراوە، دەتوانن سەردانی شارەوانیی تایبەتمەند بكەن بۆ ئەوەی نووسراوی تەملیكیان بۆ بكرێت و زەوییەكانیان بەناوەوە تۆمار بكرێت.

ئەم هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، جێبەجێكردنی یەكێك لە كارنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بریتییە لە خزمەتكردنی هاووڵاتییان و چارەسەركردنی كێشەكانیان.