Skip to the content

ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان

 

پێکهاتەی ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان

یەكەم : دەستەی گشتی لە سەرۆك و جێگرەكەی و ڕاوێژكارانی یاریدەر پێك دێ و دانیشتنەكانی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك سازدەدات و لە كاتی ئامادە نەبوونی بە سەرۆكایەتیی جێگرەكەی دەبێ‌ و بە ئامادەبوونی سێ‌ لە سەر چواری ئەندامانی راددەی یاسایی تەواو دەبێ‌ .
وە دەستەی سەرۆكایەتی لە سەرۆك و جێگرەكەی و كۆنترین ڕاوێژكار پێكدێ‌ و ڕاوێژكارە یاریدەدەرەكان مافی بەشداربوونیان لە دەنگداندا نییە.
كار و فەرمانەكانی ئەم دەستەیە بریتیە لە پێداچوونەوەی ئەو داوایانەی كە لە دادگای كارگێڕی یەكلابوونەتەوە و لەلایەن زەرەرمەندانەوە تانەیان لێگیراوە كە دەتوانن لە ماوەی 30 ڕۆژدا لە ڕۆژی دوای پێڕاگەیاندن یاخود (اعتبار كراوە بە پێڕاگەیاندن) تانە لە داواكەیان بدەن و ڕەوانەی دەستەی گشتی بكرێت، وە هەروەها ئەو داوایانەی كە لە دەستەی بەرزەفتكردنەوە یەكلادەكرێنەوە وەك ئەو داوایانەی كە بەپێی یاسای دادبینیی شارستانی و بە شێوەیەكی ئاشكرا دادبینی كراون وە بڕیاری دەستە قابیلی تانووت لێدانە لەلای دەستەی گشتیی ئەنجوومەن لە ماوەی 15 ڕۆژی دوای پێڕاگەیاندنی وە بڕیاری دەستەی گشتیی ئەنجوومەن كە لە ئەنجامی تانووت لێدانەكە دەردەچێ‌ بنبڕە .
وە هەروەها دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم سەیری ئەو ناڕەزاییانە دەكات كە پەیوەندی هەیە بە سزاكانی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت وە بڕیاری دەستە لە ئەنجامی تانووتەكە بنبڕە . جگە لەم كارانە ئەم دەستەیە هەڵدەستێت بە دەستنیشانكردنی دەستەی سەرۆكایەتی كە لە سەرۆك و جێگرەكەی و كۆنترین ڕاوێژكار پێكدێت وە هەروەها دەستەی بەرزەفتكاریش دادەمەزرێنێت، وە لە گرنگترین كارەكانی پێداچوونەوە و ئامادەكردنی پڕۆژەیاساكان و ڕادەربرینی یاساییە لەسەر ئەو بابەتانەی كە داوای ڕادەربرینی یاسایی دەكرێت لە سەریان، بۆیە بە گرنگی دەزانم گەر هاووڵاتیان و خوێنەران زانیاریان هەبێت لە سەر ئەم ئەنجوومەنە كە كارەكانی چڕ كردۆتەوە لە كارە كارگێڕییەكان (ئیداریەكان) بۆ زیاتر ڕێكخستنی كارەكانی دامودەزگاكان و فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێم و بۆ چارەسەركردنی كێشە یاساییەكان، كە پێش ئەوەی ئەم دەزگایە دابمەزرێت كێشە ئیدارییەكان ئاستەنگیان بۆ دادگاكانی تری هەرێم درووستكردبوو، واتە دادگای دوولایەنی (القضاء المزدوج) لە هەرێمی كوردستان دانەمەزرابوو، بۆیە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە ئیدارییەكان پەنا دەبردرایە بەر دادگاكانی تر، ئەمەش وایكردبوو كە بڕیارەكان پڕ بە پێستی كێشەكان دەرنەكرێن و هاووڵاتیان و فەرمانبەران مافەكانیان بۆ دەستەبەر نەد ەكرا .