Skip to the content

بریكاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ تیمێکی پسپۆڕان و ڕاوێژکارانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٢، زەكیە سەید ساڵح بریكاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ تیمێک لە پسپۆڕان و ڕاوێژکارانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی بۆ ڕاوێژ و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ دیزاین و دامەزراندنی پڕۆژەی تۆماری یەکخراو كۆبووەوە.

ئەم کارە پڕۆژەیەكە لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەرێت، بەمەبەستی بوونی یەك تۆماری سەرتاسەریی یەكخراو كە سەرجەم داتا پێویستەكانی هاووڵاتیان بگرێتەخۆ؛ بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی هاریكاری و ڕێكخستنی كاروباری هاووڵاتیان زۆر ئاسانتر بێت.

بریکار تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەم پڕۆژەیە لە ڕوانگەی وەزارەتی كار بە تایبەتی و حكوومەتی هەرێم بە گشتی و ئاماژەیان بەو پڕۆژانە دا کە لە وەزارەتی كار لەگەڵ پڕۆژەی تۆماری یەكخراو پەیوەندیدارن و چۆنییەتی سوودی پڕۆژەکەی ڕوونکردەوە. بە تایبەتی لە بواری كەمئەندامان و هەژاران كە وەزارەت بە ڕژدی كار لەسەر سوودمەندبوونەوەیان دەكات و بۆ ئەم بوارە رێنمایی تایبەتی ئامادە كردووە.
هەروەها بریكاری وەزارەت وەڵامی سەرجەم ئەم پرسیارانەی دایەوە كە لەلایەن تیمی ناوبراو ئامادەكرابوون.

لەلایەن خۆشیانەوە تیمی رێكخراوی  WFP زۆر سوپاسی بریكاری وەزارەت و تیمی وەزارەتیان كرد بۆ هاوکاربوونیان لەم پڕۆژەیەدا.