Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە چارەسەری ریشەیی و هاوکاریی حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەیدا بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، رۆژی دووشەممە ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەردانی هەردوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کرد.

لە یەکەم سەردانیدا لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرانی شێڵتەرەکان و بەشی جێندەری وەزارەت کۆبووەوە و تاوتوێی چۆنییەتیی بنبڕکردنی توندوتیژی و رێکخستنەوەی کاروباری شێڵتەرەکانیان کرد.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا نەهێشتنی توندوتیژی پێویستی بە چارەسەری ریشەیی و هەماهەنگی و هاوکاریی حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەیە. راشیگەیاند "یاساکان و رێنماییەکان دەبێت بەجۆرێک رێکبخرێنەوە کە ئاسانکاری بکەن بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی و راپەڕاندنی کاروباری شێڵتەرەکان".

بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیار کرا سوود لە رێکخراوەکان ببینرێت بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاوی کارکردن.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی شێڵتەرەکان تێبینی و گرفتەکانی خۆیان خستەڕوو و بڕیاردرا بەپێی پێویست چارەسەری کێشەکانیان بکرێت. جێگری سەرۆکوەزیرانیش جەختی کردەوە هاوکاری شێڵتەرەکان دەبێت و ڕێگری دەکات لە هەر دەستتێوەردانێک کە کێشە و گرفت بۆ شێڵتەرەکان درووست بکات.

دواتر سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کرد و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەت گفتۆگۆیان لەبارەی چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی و بەتایبەتیش لە کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، هەروەها چۆنییەتیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەڕێی میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە تاووتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک لەبارەی پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان خرایەڕوو کە کۆمەڵێک گرفت و راسپاردەی لەخۆ گرتبوو.

پاش گفتوگۆیەکی ورد، جەخت لەسەر چەند خاڵێک کرایەوە لەوانە: هەموارکردنەوەی یاساکان و توندکردنی سزاکان و قەدەغەکردنی چەک و ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاری و پێویستیی هەماهەنگی کەناڵەکانی راگەیاندن لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.

هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، پێشتر قوباد تاڵەبانی سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کردبوو و لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئایینی کۆبووەوە و داوای لێ کردن لە ڕێی مینبەرەکانیانەوە بەشدار بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

هەروەها سەردانی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان کردووە و بڕیاریشە بۆ هەمان مەبەست سەردانی چەند وەزارەتێک و لایەنی پەیوەندیدار بکات.