Skip to the content

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆنۆمێنت و گۆڕستانی شەهیدانی ئەنفال لە چەمچەماڵ نۆژەن دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە پاش کۆبوونەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەکەی ئیداری چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال و ژمارەیەک رێکخراوەکانی بواری جینۆساید لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لە نزیکەوە گوێگرتن لە کێشە و داواکارییە ڕەواکانی کەسوکاری شەهیدان لەو دەڤەرە، ڕاستەوخۆ لە ڕێکەوتی ١٥/٢/٢٠٢١ بە نووسراوی وەزارەتمان ژمارە (٤٦٧) داوامان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد، کە ڕەزامەندی بفەرموون لەسەر چەند پڕۆژەیەکی گرنگ بۆ ئەو سنوورە لەسەر بوودجەی وەزارتمان.

دوای بەدواداچوونی بەردەوامی وەزارەتمان، ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (٣٦٧٣) لە ڕێکەوتی ٧/٤/٢٠٢١ ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر خەرجکردنی بڕی زیاتر لە (٥٥٨) ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەی لای خوارەوە:

 

1- دروستکردنی گۆڕستانێکی تایبەت بە رووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو لە زێدی خۆیان بە بڕی زیاتر لە (١٧٥) ملیۆن دینار.

2- زیاتر لە (١٠٢) ملیۆن دینار بۆ چاککردنی گۆرستانی ئەنفالکراوان، کە بریتییە لە ٨٤٠ گۆڕی شەهیدانی ئەنفال.

3- زیاتر لە (١٨٦) ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ/ بانی مەقان

4- نزیکەی (٩٥) ملیۆن دینار بۆ لێدانی بیرێکی ئیرتیوازی بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ.

 

لێرەدا جارێکی تریش دووپاتی دەکەینەوە کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ئەرک و کاروانی پڕ لە خزمەتگوزاری خۆی بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەیسی ئەنفال و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تاقانەکانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و لەم رووەوە بەڵێن بۆ رووحی شەهیدەکانمان دووپات دەکەینەوە کە پێشمەرگەئاسا بەردەوام دەبین لە گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ کەسوکاری شەهیدان و زيندانییانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا.