Skip to the content

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداری کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ICMP دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی کەسانی ونبوو (( lnternational comission on missing persons و بە بەشداریی شاندێکی باڵای عێراقی فیدراڵ و بە هاوبەشی نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی ونبووان لە لاهای هۆلەندا بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا کە بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، نەوشیروان شەریف سەعید نوێنەرایەتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات  ڕایگەیاند کە ئامانجی کۆنفرانسەکە بریتییە لە کارکردن بۆ  دامەزراندنی بنکەیەکی زانیاری و میکانیزمێکی ناوەندی بۆ پرسی ونبووانی کارەساتەکانی جینۆساید و کیمیاباران و جەنگی داعش.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە بۆپرسی ونبووان هەر ڕێوشوێن و ڕێکارێک دابنرێت  لەلایەن عێراقەوە پێویستە بە هەماهەنگی و هاوبەشی بێ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە بەشی زۆری ونبووانی عێراق بە داخەوە لە نەتەوەی کوردن و لەئاکامی ئەنفال وجینۆسایدی فەیلییەکان و بارزانییەکان و جینۆسایدی ئێزدییەکان دەیان هەزار ونبوو هەیە و ئەمەش پێویستی زۆری بە کارکردنی هاوبەش و هەماهەنگی بەردەوام هەیە بە ئامانجی سۆراخ و دۆزینەوەیان یاخود دەستنیشانکردنی چارەنووسیان.
شیاوی باسە پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکانیش تەوەرێکی سەرەکی ئەم کۆنفرانسە نێو دەوڵەتیەیە کە بڕیارە چەند ڕۆژێکی تر بەردەوام بێت.