Skip to the content

پێشوازی لە رێکخراوەکانی بواری جینۆساید کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ سێشەممە 2021/2/2 بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و قوربانییانی کیمیاباران، بەڕێز عبداللە حاجی محمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازیکرد لە رێکخراوەکانی بواری جینۆساید لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، قەزای کۆیە و شارۆچکەی چەمچەماڵ.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە نەهامەتییەکانی کەسوکاری ئەنفال و پرسی هێنانەوەی رووفاتی شەهیدان و منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و تاقانەکانی ئەنفال کرا، لە بەرامبەردا بەڕێز وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختی لەسەر خزمەتی بەردەوامیی کەسوکاری شەهیدان کردەوە لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، هیواشی خواست کە بەجێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بتوانن کەلێنەکان پڕ بکەنەوە، دادپەروەری بچەسپێنن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرجەم رێکخراوە بەشدار بووەکان پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەت و جەنابی وەزیر دووپات کردەوە کە بە مەبەستی چاکسازی و پاکسازی لە لیستی شەهیدان و ئەنفالکراوان و قوربانیانی کیمیاباران و زیندانییە سیاسییەکان ئەنجام دەدرێت.