Skip to the content

قەرزەکانی کرێی خوێندن بۆ کچ و کوڕی شەھیدان و زیندانی و گیراوی سیاسی خەرج دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش دەکرێن بە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی کوردستانی، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان قەرزەکانی کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدانی سەنگەر و جینۆساید و زیندانی کراو و گیراوی سیاسی (خۆی یان یەکێک لە منداڵەکان)ی خەرج دەکات. 

لەو بارەیەوە عەبدوڵا حاجی محمود، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "قوتابی و خوێندکارانی کچ و کور شەھیدان و زیندانیانی سیاسی کە کرێ خوێندن و دەرماڵەی ساڵانی (٢٠١٦-٢٠١٧) و (٢٠١٧-٢٠١٨) و (٢٠١٨-٢٠١٩)یان وەرنەگرتووە لەنزیکترین کاتدا سەردانی بەرێوەبەراییەتییە گشتییەکانی سەر بەوەزارەتمان (ھەولێر – سلێمانی – دھۆک ) و بەرێوەبەرایەتی کاروباری زیندانییە سیاسییەکان لە ھەولێر بکەن بۆ وەرگرتنی پارەکانیان".

ڕاشیگەیاند: "ئامادەکاری کراوە بۆ دانەوەی کرێی خوێندنی قوتابی و خوێندکارانی شاری کەرکووک و کرێی خوێندنی ساڵانی دواتر".