Skip to the content

لیژنەی جینۆساید لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی شەهیدان کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، لەسەر داوای لیژنەی کاروباری شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان،بە یاوەریی  بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دوا ھەنگاوەکانی چاکسازی لە بواری دۆسیەکانی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و ھەروەھا خزمەتگوزارییەکانی خوێندن و تەندروستی و زەوی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، لیژنەکەی وەزارەت وەڵامی ھەموو ئەو پرسیار و سەرنجانەی لیژنەی پەرلەمانیان دایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان جەختی کردەوە لە بەردەوامیدانی باشتر بە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بە ئامانجی ھێنانەدی دادپەروەری کە ئامانجی سەرەکی یاسای چاکسازییە، ھەروەھا ئاماژەیکرد بە کاروبارەکانی وەزارەت لە خزمەتکردنی زیاتری کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانی جینۆساید و دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانیان.