Skip to the content

کۆبوونەوەی هەماهەنگی سێ وەزارەت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۱ عبداللە حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و د. عبدالحکیم خسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆسییەکانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بەتایبەتی دوای دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە ۳ی ساڵی ۲۰۲۱ ی وەزارەتمان و ڕێنمایی دارایی ژمارە ۲۳ ی ساڵی ۲۰۲۰ تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی.

لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ کرا لەسەر شێواز و میکانیزمەکانی ئامادەکردنی دۆسیەکان لەلایەن لێژنەی وردبینی و پێداچوونەوەی دۆسییەکانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە و ئاراستەکردنیان بۆ لێژنە پزیشکییەکانی وەزارەتی تەندروستی بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری یاسایی پێویست بۆیان.
لەبەشێکی تری کۆونەوەکەدا بڕیاردرا بە دەستبەکاربوونی دوو لێژنەی پزیشکی پسپۆڕ لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ دیاریکرنی ڕێژەی کاریگەریی چەکی کیمیایی لەسەربەرکەتووان و قوربانییان.