Skip to the content

میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پلانی ھەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ گفتوگۆی له‌ باره‌یه‌وه‌ كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە دیدارێکی نێوان وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و  دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پلانی ھەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوتوێ کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، پێشوازی کرد لە  دکتۆر دیندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و شاندێکی یاوەری.
لە دیدارەکەدا  گفتوگۆکرا لەسەر نەخشەڕێگا و میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی ھەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ.
ھەروەھا باس لە پێگەی ھەرێمی کوردستان کرا لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و شەفافیەت و پڕۆسەی چاکسازی و خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان. 
 وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە گرنگییەوە باسی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی کردو ڕایگەیاند: "پاڵپشت دەبین بۆ سەرکەوتنی پلانی ھەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ بە جۆرێک کە ڕووی جوانی ھەرێم پیشانی دونیا بدەین".
گوتیشی: "پێویستە ماف و شایستەکانی کەسوکاری شەھیدان لە لایەن عێراقەوە بە پێی دەستوور دەستەبەر بکرێن".
لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە ھەماھەنگی و پێکەوە کارکردنی ھەموو لایەک بۆ دەستەبەرکردن و  بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان.