Skip to the content

بە دواداچوونی زیاتر ده‌كرێت بۆ کەیسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ۱۱ی نیسانی ۲۰۲۲ بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازیکرد لەشاندێکی ڕێکخراوی ماڵی کوردی فەیلی.

لەدیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەسەر داواکاری و پێشنیاری قوربانیانی کوردانی فەیلی کە لە یاداشتێکی ٨ خاڵیدا ئاراستەی بریکاری وەزارەتیان کرد.

هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەسەر یەکخستنی داتا و ئامارەکانی قوربانیانی کوردانی فەیلی لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ و بۆ ئەمەش پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای شەهیدانی عێراق بە پێویست زانرا بۆ پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ونبووان و قوربانیانی کوردانی فەیلی بە گشتی،هەروەها پێداگیری کرا لەسەر بە دواداچوونی زیاتر بۆ پرسی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر کەیسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی و قوربانیانی ئەو کارەساتە بە گشتی و هەروەها پێشنیار کرا کە مۆنیۆمێنتێک بۆ شەهیدانی کوردی فەیلی لە هەولێری پایتەخت دروست بکرێ.

لە بەرامبەردا بریکاری وەزارەت وێڕای بە گەرمی بەخێرهاتنیان، پشتگیری خۆی بۆ سەرجەم ماف و داوا ڕەواکانیان دووپات کردەوە و دڵنیایی پێدان کە بەردەوام دەبن لەسەر پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بۆ زیاتر پاڵپشتی کردنی ماف و داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ.