Skip to the content

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە یادی (۳٤) ساڵەی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ٣٤مین ساڵیادی ئەنفالی گەلی کورد جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان بۆ قەرەبووکردنەوەیان دەکاتەوە و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت.

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ٣٤مین ساڵیادی ئەنفالی گەلی کورد رایدەگەیەنێت کە، "جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت".

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان:-

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان...
ئەمڕۆ 34 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر گەورەترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی گەلی كوردستاندا ، ئەنفال بەشێك بوو لە زنجیرە و پلانێكی دڕندانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ لێسەندنەوەی ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان.
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو جگەلە خاپووركردنی گوندەكان  و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، مەرامی سڕینەوە و  لەناوبردنی خەڵکە سڤیلەکەی و تێکدانی ژینگە و کەلتوور و زمان  و جینۆسایدكردنی گەلەكەمان بوو بە گشتی، پاش تێپەڕ بوونی كەمتر لە (3) سێ‌ ساڵ بەسەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیەی ئەنفالداو لە ساڵی 1991 خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان ڕاپەڕین و بەیەکجاری كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی دەیان ساڵەی بەعس هێنا لە کوردستان .
كەس و كاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال،

لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگاو وتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو بڕیارەى كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساند و بڕیارى بە سزا گەیاندنى ئەنجامدەرانیشیدا. 
بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكانداو بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەكاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت.
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی جینۆساید

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كاتێكدا درێژە بە هەوڵەكانی دەدات بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی كەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی، لە هەمان كاتدا بەردەوام پەرۆشی خزمەتكردنی زیاتری كەس و كاری شەهیدانی ئەنفال و كیمیاباران و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆسایدە... هەر بۆیە جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکۆژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.
نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان 
سەربەرزی بۆ خانەوادە کانیان.