Skip to the content

یادی شەھیدانی بۆمباباران و ڕاپەڕینی قەڵادزێ بەرز ڕاگیرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  لە یادی  ٤٨ ەمین ساڵەی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێی دووجارشەھید ڕۆژی ۲٤ ی نیسانی ۲۰۲۲ بە ئامادەبوونی ئەدیب لەتیف بەڕێوەبەری گشتی  کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانی دەڤەرەکە ڕێوڕەسمی دانانی تاجە گوڵینەی ڕێز و  وەفا لەشاری قەڵادزێ بەڕێوە چوو.

لە مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتی بە نوێنەرایەتی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان وێڕای گەیاندنی پەیامی ھاوخەمیی وەزیر،تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر مەزار و مۆنۆمێنتی شەھیدانی بۆمباباران و  ڕاپەڕینی ئەوشارە دانا ، لە ڕێوڕەسمەکەدا ھەریەک لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و قایمقامەکانی ڕانیە و قەڵادزێ و بەرپرسانی حزبی و حکومی و ڕێکخراوەکان و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ  ئامادەی بوون.

جێی وەبیرھێنانەوەیە کە لە ۲٤ ی نیسانی ساڵی ۱۹۷٤ ڕژێمی بەعسی ڕووخاو   شاری قەڵادزێی بۆمباباران کرد و لە ئەنجامدا ۱۲۳ ھاووڵاتی و قوتابی و فەرمانبەری زانکۆی سلێمانی کە ئەوکات گواسترابووەوە بۆ ئەوشارە شەھیدبوون و زیاتر لە ٤۰۰ کەسیش برینداربوون.

دوای ئەو ساڵە و وەک بیرەوەرییەکی کارەساتبار ساڵانە یادی شەھیدانی ئەو کارەساتە دەکرایەوە. 

لەپاش ھەشت ساڵ و لە بیرەوەری و یادکردنەوەی ئەو مەرگەساتەدا و لە ڕۆژی  ٢٤ / ٤ / ۱۹۸۲ بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەھیدان و قوربانیانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ ،خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ئەو شارە خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان بۆ پرۆتستۆکردنی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس ئەنجامدا، کە بەداخەوە لەلایەن دارودەستە و ھێزە چەکدارەکانی ڕژێمەوە بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەران درایەوە دووبارە چەندین ھاووڵاتی شەھید و بریندارکران و چەندین ھاووڵاتی بێ تاوانی شارەکەش زیندانی کران.