Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ماوەیەکە لەلایەن کەسوکاری شەھیدان و قوربانیانی تاوانەکانی جینۆساید و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، پرسیار دەکرێت لەبارەی ڕووفاتی قوربانیانی تاوانەکانی ئەنفال کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشووری عێراق زیندەبەچاڵ کرابوون.

ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ئەرکی گەڕان بەشوێن چارەنووسی قوربانیانی ئەو تاوانانە و دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دواتریش ھەڵدانەوەیان لەچوارچێوەی تیمی نیشتمانیی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠٠٦، ھێنانەوەی ڕووفاتی شەھیدەکانی بۆ کوردستان کردووەتە پێشینەی کارەکانی، لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی ٢٠١٩ و لەکاتی دۆزینەوەی ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریکراوی لەناوچەی (تل الشیخیە)، بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەتمان، بەھەماھەنگیی دەزگای شەھیدانی عێراق تیمەکانیان ناردە شوێنی گۆڕەکان و بەشداربوون لە ھەڵدادانەوەی گۆڕەکان و گواستنەوەی ڕووفاتی ١٧١ شەھیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشکی دادیی بەغداد بەمەبەستی ئەنجامدانی شیکاری و گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی و زانستییەکان و دواتر ھێنانەوەیان بۆ کوردستان.

بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە بۆ ماوەیەک ئەو کارە دواکەوت و پاش ڕەوینەوەی ئەو پەتایە، وەزارەتمان بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی پێویستی ئەنجامدا بۆ ھێنانەوەی شکۆمەندانەی ڕووفاتەکان و بەخاکسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان.

بۆ ئەم مەبەستەش جارێکی تر شاندی وەزارەت و پزیشکی دادیی ھەولێر لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا سەردانی دەزگای شەھیدانی عێراقیان کرد و گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کرا و بڕیاردرا لەماوەیەکی نزیکدا لەڕێوڕەسمێکی شایستەدا ئەو ئەرکە نیشتمانییە جێبەجێ بکرێت. 

بەڵام جێی داخە کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک کەس بەناوی کەسوکاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لە گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان دایە دەزگای شەھیدانی عێراق، کە ڕازی نین بەو ڕێکارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ ھێنانەوەی ڕووفاتی شەھیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و شەھیدانی جینۆسایدکراو، گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە درووست کرد.

بۆ ئەم مەبەستە وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران کرد و تیایدا گفتووگۆی چڕوپڕ لەم بارەیەوە کرا و وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو ڕووفاتانە دەکاتەوە کە ژمارەیان ١٧١ ڕووفاتە و ھەموو ئامادەکارییەکیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبێت بۆ ھێنانەوەیان. 

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان
٩ی ئابی ٢٠٢٢