Skip to the content

کەسوکاری قوربانیانی ئەشکەوتی دەکان داوای بەجینۆسایدناساندنی کارەساتەکە دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی ئابی ۲۰۲۲، بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ئامادەبوونی عادل مەلا ساڵح بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەت، پێشوازی لە ژمارەیەک کەسوکاری قوربانیانی ئەشکەوتی دەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک کرد.

لەدیدارێکدا خانەوادەی شەھیدانی کارەساتەکە یاداشتێکی چەند خاڵییان پێشکەش بە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کرد، کە تێیدا دروستکردنی مۆنیۆمێنتێک بۆ شەھیدانی جینۆسایدەکە بۆ ئەوەی وەک شوێنەوارێکی دیرۆکی و ھێمای ستەملێکراوی گەلی کوردستان بۆ مێژوو بمێنێتەوە، و کەسوکاری قوربانیانی ئەشکەوتی دەکان داوایانکرد کە کاربکرێت لەسەر ئاستی نێوخۆیی و عێراقی بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو کارەساتە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان و قوربانییانی کارەساتەکە.

لای خۆیەوە بریکاری وەزارەت ھاوخەمی قووڵی خۆی دەربڕینی، و پشتگیری بۆ داوا ڕەواکانی کەسوکاری شەھیدان دووپاتکردەوە، کە ڕۆژی ١٨ی ئابی ١٩٦٩ ڕژێمی ڕووخاوی بەعس دوور لە ھەموو بەھایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی ھەستا بە گڕتێبەردان و سووتانی ئەشکەوتی دەکان و لە ئەنجامی ئەو کارەساتەدا ۷٤ ژن و منداڵ و پیرو پەککەوتە شەھیدبوون کە لە دەست زوڵم و ستەم و چەوسانەوەی ڕژێم لەو ئەشکەوتەدا خۆیان حەشاردابوو.