Skip to the content

یادی شەھیدانی بینا سووتاوەکەی سیروان بەرز ڕاگیرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) لە رێوڕەسمێکدا یادی ٣٦ ساڵەی شەهیدانی بینا سووتاوەکەی سیروان بەرز ڕاگیرا. بە ئامادەبوونی ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە و کەسوکاری شەھیدان و نوێنەرانی حیزبی و حکوومیی ناوچەکە، یادی ئەو ٢٠٠ شەهیدەی ناحیەی سیروان بەرز راگیرا کە ساڵی ١٩٨٦ لە بۆردومانێکدا شەهید بوون. لە رێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی هاووڵاتیانی ناوچەکە و کەسوکاری شەهیدان بەرێوەچوو، رێز لە یاد و ناوی ئەو ٢٠٠ شەهیدە گیرا.
کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدانی هەڵەبجە گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و گوتی "ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و وەک رێکارێکی خۆپارێزی نەتوانراوە بەشێوەیەکی شایستە یادی شەهیدانی بینا سوتاوەکەی سیروان بکرێتەوە، بەڵام حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەو کەسانەی لەو ڕووداوەدا زیانمەندبوون، ئەویش بە تۆمارکردنیان وەک شەهیدی هاووڵاتی.

ڕۆژی ٦ی ئابی ١٩٨٦، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیانی ڕاگوێزراوی گوندەکانی ھەورامان بۆ خۆپاراستن لە  شەڕی ئێران- عێراق لە قوتابخانەیەکی ناحیەی سیروان خۆیان پەنادابوو ، تۆپێک بەر بیناکە دەکەوێت و لە ئەنجامدا ئەو بەرمیلە نەوتانەی لەبەردەم بیناکە بوون گڕ دەگرن و  بەھۆیەوە ٢٠٠ ھاووڵاتی لە ژن، منداڵ و پیاو شەھید بوون و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.