Skip to the content

یادی ١٨ ساڵەی شەھیدانی ١ـی شوبات کرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  بۆ بەرز راگرتنی ١٨ھەمین ساڵیادی کارەساتی ١ی شوبات، رۆژی سێشەممە ۱ی شوباتی ۲۰۲۲، بە ئامادەبوونی مسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و د.رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی  کوردستان  و نوێنەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و  عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری  شەھیدان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری قوربانیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی  و کۆنسوڵی وڵاتان، مەراسیمێکی شایستە بەو یادە لە مۆنۆمێنتی شەھیدانی ١ی شوبات لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا ھەریەکە لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، نوێنەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە یاوەری کەسوکاری قوربانیان، تاجە گوڵێنەیان لە سەر مۆنۆمێنتی شەھیدانی ١ی شوبات دانا، پاشان دەستە دەستە ئامادەبووانی مەراسیمەکە بۆ زیندوو راگرتنی یادەکە وەک نیشاندانی رێز و وەفا بۆ قوربانیانی کارەساتەکە ، گوڵی ڕێز و وەفایان دانا و سەری رێز و نەوازشیان لەبەردەم مۆنۆمێنت و وێنەی شەھیدان دانواند.
لە رۆژی ١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ کە ھاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە یەک کاتدا لە دوو کردەوەی تیرۆریستی خۆکوژی جیادا، ھەردوو ھۆڵی لقی دووی (پ.د.ک)  و مەڵبەندی سێی رێکخستی ھەولێری (ی.ن.ک)  کرایە ئامانج، بەو ھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ سەرکردە و کادێر و ھاوڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمە لە کاتێکدابوو کە خەڵک و  کادێرانی ھەردوولا بە مەبەستی جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازایی سەردانی مەڵبەندی سێی (ی.ن.ک) و لقی دووی (پ.د.ک) یان کرد بوو، بە مەش تیرۆریستان پەڵەیەکی تری رەشیان خستە سەر مێژووی رەشی خۆیان و کوردستانیانیش سەلماندیان کە بەو کردەوە  قێزەونانە شیرازەی یەکریزی و گیانی لێبووردەیی و تەبایی لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان تێک نادرێت.