Skip to the content

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان خزمەتی زیاتر پێشکەشی ئیدارەی زاخۆ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی و فراوانکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، ڕۆژی ۲٦ی تەممووزی ۲۰۲۲ شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەسەرپەرشتیی بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەت و بە یاوەریی بەڕێوەبەرانی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر و دھۆک و بەڕێوەبەری یاسا و گرێبەستەکانی وەزارەت، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی زاخۆیان کرد.

شاندەکەی وەزارەت لە لایەن گۆھدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکانەوە پێشوازیکران.

لە کۆبونەوەیەکدا بریکاری وەزارەت ئاماژەی بە ئەجێندای حکوومەت و ھەوڵەکانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دا کە ئامانجیانە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەت لەو ئیدارەیە فراوانتر بکەن، بە شێوازێک کە لە ئاست گەورەیی خەبات و قوربانیدانی دانیشتوانە تێکۆشەرەکەیدا بێت.

ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر ھەڵسەنگاندنی توانای مرۆیی کارمەندان و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی زاخۆ کرا و ستایشی ماندووبوونی فەرمانبەرانیشی کرد کە بەردەوام لە خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانی دەڤەرەکەیاندان.