Skip to the content

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان: نزار خەزرەجی تاوانبارێکی سەرەکی تاوانەکانی ئەنفالە


 
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ڕاگەیەندراوێکی  دەربارەی  تاوانبار نزار عەبدولکەریم  فەیسەڵ ئەلخەزرەجی بڵاوکردەوە کە تیایدا ناوبراو بە تاوانبارێکی سەرەکی تاوانەکانی ئەنفال دەناسێنێت و بە ئەرکی وەزارەتیشی دەزانێت  داوای گرتن و ڕادەستکردنەوەی بکات. 

دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان:

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ..
قوربانیانی تاوانەکانی جینۆسایدی دەستی بەعس ..

لەم ڕۆژانەی دواییدا و لەڕێی کەناڵی (العربی) کە لە لەندەنەوە پەخش دەکرێت، تاوانبار (نزار عەبدولکەریم فەیسەڵ ئەلخەزرەجی) سوپاسالاری پێشووتری سەردەمی بەعس، لەمیانەی گێڕانەوەی یاداشتەکانی، سەرەڕای سووکایەتیکردنی بەناوی پێشمەرگە و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، ھەموو ئەو تاوانانەش کە سوپا و دامودەزگە سەرکوتکەرەکانی بەعس لە ئەنفالدا دژ بە دانیشتووانە سڤیلەکەی کوردستان ئەنجامیان داوە، زۆر بێ شەرمانە ڕەت دەکاتەوە و تەنھا بە پڕوپاگەندەی ھێزە کوردییەکان و ئێران و ڕاگەیاندنەکانی خۆرئاوای لە قەڵەم دەدات. 
پێشتریش تاوانباری ناوبراو لە زاری خۆیەوە و لە یاداشتە نووسراوەکانی خۆیدا، ئەنفالی بە پڕۆسەیەکی ئەمنیی ناوخۆیی لە قەڵەم داوە و پێی وایە ئەو ھەڵڵایەی نەویستووە کە لەسەری دروست کراوە. نەک ھەر ئەوە، تەنانەت کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەش دەخاتە ئەستۆی ئێران و،  بەعس و سوپا دڕندەکەی لەم تاوانە بێ بەری دەکات. ئەو بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکات کە ئەندازیاری ڕاگواستنی گوندەکانی کوردستان بووە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، سەرەڕای سەرپەرشتیکردنی قۆناغەکانی ئەنفالی یەک و دوو و سێ لە ناوچەکانی دۆڵی جافەتی و قەرەداغ و گەرمیان، ھەر خۆی داڕێژەری بیرۆکە و تەواوکەری تاوانەکانی ئەنفالیش بووە لە پاش کۆتاییھاتنی جەنگی عێراق – ئێران.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان وەکو پارێزەری سەروەریی شەھیدان و مافی کەسوکارە سەربەرزەکانیان و داکۆکیکاری ناساندنی تاوانەکانی بەعسی ڕووخاو دژ بە گەلی کوردستان، لە کاتێکدا ئەم ئینکاریکردنەی تاوانباری ناوبراو ڕەت دەکاتەوە و ناوبراو بە تاوانبارێکی سەرەکی تاوانەکانی ئەنفال دەناسێنێت،  بە ئەرکی خۆشی دەزانێت لەڕێی ھەماھەنگی لەگەڵ ھەر سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجوومەنی دادوەری و ڕێکخراوەکانی بوارەکە لە ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داوای گرتن و ڕادەستکردنەوەی تاوانبار  بکات بە مەبەستی دادگاییکردنی وەکو یەکێک لە تاوانبارەکانی ئەنفال، بەتایبەتیش کە تاوانباری ناوبراو بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ف٢/١٤٤٥ 
لە  ١٨ /١٢ /٢٠٠٥ ، یەکێک بووە لە تاوانبارە داواکراوەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئەو، دژی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانە لە عێراق کە تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی گەلەکەمانی وەکو جینۆساید ناساندووە.

نەمری و سەروەریی بۆ شەھیدان.
مردن و ڕیسوایی بۆ تاوانبارانی تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردستان.