Skip to the content

وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و سەندیکای پزیشکان تاووتوێی خزمەتگوزاریی باشتریان بۆ خانەوادەی شەهیدان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD) وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و سەندیکای پزیشکان، گفتوگۆی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانیان بۆ کەسوکاری شەھیدان کرد.

رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، پێشوازی لە شاندێکی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دکتۆر باساک کرد.

لە دیدارێکدا کە ئەحمەدی مام ڕەسوڵ، بەرێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکان و سیروان عەزیز بەرێوبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنانی وەزارەت ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر شێواز و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی کرا.

لە کۆتاییدا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختی لەسەر ئەو بڕیارانە و کۆنووسی واژووکراوی وەزارەت کردەوە، بە ئامانجی خزمەتکردنی باشتری خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان.