Skip to the content

بە زیاتر لە ٨٠ ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارۆچكەی دووكان جێبەجێ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٤/٦ راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردۆتەوە، كە تێیدا هاتووە: بە گوژمەی زیاتر لە ٨٠ ملیۆن دینار، پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و كاری كۆنكرێتكردن بۆ چەند كۆڵان و شەقامێكی گەڕەكی فەرمانبەران لە شارۆچكەی دووكان بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت، كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی و سەرۆكایەتیی شارەوانیی دووكان سەرپەرشتی و چاودێریی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن.

لە قۆناغی یەكەمی پرۆژەكەدا پرۆژەی دانانی ھێڵی ئاوەڕۆی سەرەكی و دانانی ھاوبەشی ھێڵی ئاوەڕۆ بە ڕووبەری ٥٠٠ مەتر بۆ ئەو خانووانەی دەكەونە سنووری پڕۆژەكەوە.

هەروەها لە قۆناغێكی دووەمی پرۆژەكەدا دەست دەكرێت بە كاری تێكەڵەڕێژكردن بە ڕووبەری ٢٨٠٠ مەتر دووجا، لە قۆناغی كۆتاییشدا دەست دەكرێت بە كاری كۆنكرێتكردن و دروستكردنی شۆستە بە ڕووبەری ١٨٠٠ مەتر چوارگۆشە كە كێشەی ئاوەڕۆ و ھاتوچۆی گەڕەكی فەرمانبەران چارەسەر دەبێت كە ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی دووكان لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە.