Skip to the content

لەمەراسیمێکدا وەکو وەفایەک ناوی دوو شەقامی هەولێر گۆڕدرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٤/٥لە یادی ٣٠ ساڵەی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش لەژێر چاودێریی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، ناوی شەقامێكی شارەكە كرا بە "نوای ئارام" و ناوی شەقامێكی دیكەش كرا بە "سێر جۆن مەیجەر" سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا كە ڕۆڵی لە دەركردنی بڕیارەكەدا هەبووە و بووەتە هۆی دانانی سنوورێك بۆ هێرش و هەڕەشەكانی رژێمی سەددام حوسێن بە تایبەتی لە كاتی كۆڕەوەكەی گەلی كوردستان لە ٣١ی ئاداری ١٩٩١دا.

پێشنیوەڕۆی دووشەممە (٥ی نیسان ی ٢٠٢١) لە دوو ڕێوڕەسمی لادانی پەردە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.

لە مەراسیمی لادانی پەردە لەسەر شەقامی "سێر جۆن مێجەر"، لەپاڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كونسوڵی وڵاتی بەریتانیاش بەشدار بوو، تێیدا گوتارێكی خوێندەوە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە ناولێنانی شەقامێكی سەرەكیی شاری هەولێر بەناوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری وڵاتەكەی و سوپاسی وەفاداریی گەلی كوردی كرد.

پاشان لە مەراسیمێكی جیادا، پەردە لەسەر ناوی شەقامی "نوای ئارام" لادرا كە شەقامێكی گرینگی شاری هەولێرە و دەكەوێتە تەنیشت منارەی شێخی چۆلی، لەم یادەدا لەپاڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و پارێزگاری هەولێر، نوینەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵی وڵاتانی: ئەمەریكا، بەریتانیا، كەنەدا، ڕۆمانیا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، توركیا و هۆڵەندا، بە یاوەریی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و كارمەندی دیكەی حكوومەت و دەزگەكانی راگەیاندن بەڕێوەچوون.

لە مەراسیمەكەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرینگیی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی هێنایەوە بیر كە چۆن پێش ٣٠ ساڵ هۆكاری سەرەكیی ڕزگاركردنی گەلی كورد بووە لەدەست هێرش و پاكتاوی ڕژێمی بەعس و بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردیش سوپاسی هەڵوێستی بەردەوامی ئەو وڵاتانەی كرد.

هەر لەو مەراسیمەدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و كونسوڵی وڵاتانی بەشداربووی مەراسیمەكە، گوتاری خۆیان پێشكەش كرد.