Skip to the content

ڕوونكردنەوەیەك لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ٢٠٢١/٤/١٠ ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردۆتەوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

لە چەند پەیج و ماڵپەڕێكی ئینتەرنێتدا، هەواڵێکی نادروست سەبارەت بە پێدانی بەنزینخانە، لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، بڵاو کراوەتەوە.

بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە، کە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ مۆڵەتێک و تەرخانکردنێکی زەوی لەلایەن وەزیری شارەوانییەوە نەدراوە.

مۆڵەتی دانانی بەنزینخانە، لە ساڵی ٢٠١٨وە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیراندایە و لەوساوە تا ئێستا هیچ مۆڵەتێکی دانانی بەنزینخانە نەدراوە.

لە کابینەی نۆیەمیش لە تەمووزی ٢٠١٩وە بە بڕواوە دەیڵێین هیچ مۆڵەتێک نەدراوە، چونکە ئێستا لەلایەن لیژنەیەکی یاسایی و ئەندازیاری، کار لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕێنماییەکانی مۆڵەتی بەنزینخانە دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونی بۆ هاووڵاتییان ڕادەگەیەندرێت.

وێنەی ئەو نووسراوەی کە لەو ماڵپەڕانەش بڵاوکراوەتەوە، ئەوە فەرمانی تەرخانکردن نییە، بەڵکوو وەڵامی فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ پرسیاری ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان و نووسراوەکە بە ئاشکرایی بۆ پەرلەمان نێردراوە و هیچ نهێنییەکی تێدا نییە.