Skip to the content

10 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی ملیارێك و 560 ملیۆن دینار لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر ڕێژەی 15% و ڕێژەی 100%ی داهاتی شارەوانی، بە گوژمەی ملیارێك و 560 ملیۆن دینار، 10 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە لە ژمارەیەك گەڕەكی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن، كە ئەو پڕۆژانە دەبنە هۆی بەرزتركردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە شاری هەولێر.

ئەمەش لەكاتێكدایە چەند ڕۆژێكە تیمەكانی شارەوانی لە چەند گەڕەك و شوێنێكی شاری هەولێر سەرقاڵی بەڕێوەبردنی پڕۆسەكانی خاوێنكردنەوەی ماڵ و كۆڵانەكانن، بۆ ڕێگریكردنیش لە مەترسیی لافاو، سەرجەم تیمەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، كەندە سرووشتی و ڕێڕەوەكانی ئاو لە گردجووتیار و گەڕەكەكانی سەركارێز و ڕۆشنبیری و شارۆچكەی دارەتوو و چەند شوێنێكی تر خاوێن و فراوان دەكەن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە ئاستی باڵادا بە بەردەوامیی بەدواداچوون بۆ سەرجەم پڕۆسەكانی خاوێنكردنەوە و گەورەكردنی كەندە سرووشتییەكان دەكات.