Skip to the content

به‌ فەرمانی سەرۆكی حكومەت زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابه‌ش ده‌كرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی جێبەجێكردنی فەرمانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆبوونەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی زوودا بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت  جێبەجێ بكەن. 

ڕۆژی سێشەممە 14ی كانوونی یەكەمی 2021 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەبدوڵا حاجی محموود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان كۆبوونەوە.

ئامانجی ئەو دیدارەی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان گفتوگۆكردن بوو لەسەر میكانیزم و چۆنیەتی بە خێرایی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زیاتر لە 11 هەزار پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، كە پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاری دا زیاتر لە 11 هەزار پارچە زەوی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەسەر ئەو توێژەدا دابەش بكرێت و ئێستاش بڕیارەكەی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی تاوتوێی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە كرا تاكو لە ماوەیەكی زوودا بخرێتە بواری جێبەجێكردن و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ڕێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەلایەن هەردوو وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار دەگیرێتەبەر و لە ماوەیەكی زوودا ئەو 11 هەزار پارچە زەوییە بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.