Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ پرۆسەی خاوێنکردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکەی گەڕەکی ڕۆشنبیری کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە 18/12/2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوونی چۆنیەتی کارەکانی پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی پاشماوەکانی لافاو و گوێگرتن لە هاووڵاتییان، سەردانی چەند گەڕەکێکی کرد، لە ناویاندا گەڕەکی ڕۆشنبیریی شاری هەولێری بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی پرۆسەی خاوێنکردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکە کرد و هاوکات گفتوگۆی لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەش کرد کە ماڵەکانیان دووچاری زەرەر و زیان بوونەتەوە.

شایەنی باسە، بەشێکی گەڕەکی ڕۆشنبیری بەهۆی بارانێکی بەخوڕ، لافاوی تێدا ڕوویدا و ئێستاش بەرپرسانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و تیمە هەمەجۆرەکانی شارەوانی بە سەدان کرێکار و چەندان ئامێرەوە سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی پاشماوەی لافاوەکەن، کارزان عەبدولهادی جێگری سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕاستەوخۆ لە شوێنی لافاوەکە سەرپەرشتیی پرۆسەی خاوێنکردنەوەی پاشماوەی لافاوەکەی گەڕەکی ڕۆشنبیری دەکات.