Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی گردجووتیار و ڕێڕەوە سرووشتییەكانی ئاوەڕۆ دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە 18/12/2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خاوێنكردنەوەی پاشماوەكانی لافاو و بەسەركردنەوەی ئەو ڕێڕەوە سرووشتییانەی ئاوەڕۆی سنوورەكە، سەردانی گەڕەكی گردجووتیاری شاری هەولێری كرد و بەدواداچوونی بۆ پرۆسەكانی خاوێنكردنەوە و چۆنیەتی كارەكانی فراوانكردنی ڕێڕەوە سرووشتییەكانی ئاوەڕۆکان كرد.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەی كە ماڵەكانیان دووچاری زەرەر و زیان بوونەتەوە، هاوكات بە مەبەستی ڕێگریكردن لە ئەگەری لافاو، ڕێڕەوە سرووشتییەكانی ئاوەڕۆی سنوورەكەی بەسەركردەوە، کە تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیی ھەولێر بە ھاوبەشیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی ھەولێر کاری پاککردنەوە و فراوانکردنیان بۆ دەکرێت.

شایەنی باسە، ئەندازیار عەبدولواحید سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی خاوێنكردنەوەی گردجووتیار دەكات، لە میانەی سەردانەكەدا بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی دروستبوونی لافاو و چۆنیەتی ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەی كرا، كە بەشێكی ڕێڕەوە سرووشتییەكانی ئاوەڕۆی سنوورەكە پێشتر زێدەڕۆییان كراوەتەسەر و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕێڕەوەكان تەسك ببنەوە و نەتوانن بەرگەی ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوی قورس و لافاو بگرن، بەڵام ئێستا تیمەكانی شارەوانی بە وردی سەرقاڵی ئەوەن ڕێگری لە هەر ئەگەرێكی دیكەی لافاو لە سنوورەكەدا بكه‌ن.