Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێداچوونەوە بە نەخشە و ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێداچوونەوە بە نەخشە و ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەكات و لەمبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی شوباتی 2021 لە ژێر چاودێریی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەك لەبارەی پەرەپێدان و گرنگیدان بە پلانسازی و نەخشەسازی و رۆڵی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە رێكخستنەوە و پەرەپێدانی شار و شارۆچكەكان ساز كرا و لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی نەخشەسازی ئاوەدانی و بوارەكانی دیكەی نەخشەسازی بۆ خزمەتكردنی شار و شارۆچكەكان كردەوە.

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بە بەشداریی راوێژكاران و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، راپەڕین، ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی دیكە بەڕێوەچوو كە لە میانەی كۆبوونەوەكەدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی شەش تەوەری سەرەكی كرا، وەك كێشە كارگێڕییەكان، كێشەی تێكەڵبوونی دەسەڵاتەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و لایەنەكان، هەروەها كێشەی جێبەجێكردن و هۆكارەكانی گۆڕینی بەكارهێنان و رەگەزی زەوی... هتد، لەگەڵ پلان و پێشنیاز بۆ ئەوەی سیاسەتی حكوومەت لە بواری نەخشەدانان رەنگ بداتەوە، رادەی هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لەگەڵ لایەن و وەزارەتەكانی تری پەیوەندیدار، كێشەی یاسا و رێنمایی پلانسازی.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی وتارەكەیدا رایگەیاند: هیواخوازم ئەو بڕیار و راسپاردانەی كە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوەوە لە هەموو رووەكاندا رەنگدانەوەی باشیان لەسەر بەرەوپێشچوونی كارەكان و كاری هاووڵاتییانەوە هەبێت.

هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی نەخشەدانان لە بواری پەرەپێدانی شارەكان كرد و رایگەیاند: بواری پلانسازی نەخشەدانان بە ئەندازەیەك فراوانە كە نەك تەنیا زانستی ئەندازیاریی تەلارسازی، بەڵكوو زانستەكانی جوگرافی، ئابووری، زانستە سیاسییەكان، كۆمەڵناسی و زۆر بواری دیكەشی تێدا هاوبەش دەبن، بۆیە گرنگیی رۆڵی نەخشەساز و پلانسازان بە ئەندازەیەك گرنگە كە زانست و هونەر و تەكنیك و دیدگە تێكەڵاوی یەكتری دەكەن و ئاسۆكانی ژیانی دواڕۆژ لە شار و و شارۆچكە و كۆمەڵگەكان دادەڕێژن. گوتیشی: گرنگیەكی تری نەخشەدانان و پلانسازی بەشداری راستەوخۆیە لە پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، كە پرۆسەیەكی بەردەوام و درێژخایەنە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە گوتی: كاتێك باس لە پلانسازیی شار و نەخشەدانانی ئاوەدانی دەكەین، مەبەستمانە دوو لە گرنگترین توخمەكانی پێكهێنەری نیشتمان لەبەرچاو بگرین كە ئەوانیش خاك و مرۆڤن، پلانسازی و نەخشەدانانمان لە دەوری ئەو دوو توخمە دەسووڕێتەوە، باش بە كارهێنانی خاك و دروستكردنی ژینگەی لەبار بۆ ژیانی تاكەكان لەسەر ئەو خاكەدا كە ئەوەش گەورەترین ئەمانەتە پێتانسپێردراوە و هیواخوازم هەم بە ئەمانەتی زانستی و هەم بە ئەمانەتی ویژدانی بڕیار و كارەكانتان جێبەجێ بكەن.