Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو داوایەك ئاراستەی هاووڵاتییان دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكات بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆر لە نرخی  ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، لە نزیكترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی بە ڕێژەیەكی زۆر لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنمایییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو هەمواركردەوە و بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوە.
بە گوێرەی بڕیارە نوێكە بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆهەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، وەك نموونە: ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ چوار مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستا تەنیا بڕی 180 هەزار دینار دەدات، واتە بڕی 420 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە كە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاودایە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت: هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكەین كە دەیانەوێت لە بڕیارەكە سوودمەندبن، چونكە ئامانجمان لە هەمواركردنەوەی بڕیارە كۆنەكە خزمەتكردنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی بە بڕە پارەیەكی كەم زۆرترین قەرزەكانیان بدەنەوە.