Skip to the content

ماوەی لێخۆشبوون لەقەرزی ئاو درێژ كرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/2 دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بابەتی داشكاندنی قەرزی داهاتی ئاو لە هاوبەشانی ئاو بەڕێژەی %15، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە هاوبەشانی ئاو بۆ 31/3/2021 درێژ دەكاتەوە و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش دەڵێ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاوی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاگادار كراونەتەوە كە لەگەڵ كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی داهاتی ئاو، ئەو بڕیارە جێبەجێ بكەن.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری راگەیاند كە دوابەدوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بابەتی داشكاندنی قەرزی هاوبەشانی ئاو بە ڕێژەی %15، ئێستا بڕیاری درێژكردنەوەكە لە 1/1/2021 تا 31/3/2021 درێژ دەكرێتەوە و هاووڵاتییانیش دەتوانن لەو ماوەیەدا سەردانی بەرێوەبەرایەتییەكانی ئاو بكەن بۆ سوودمەندبوون لە بڕیارەكە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پێشووتر چەند جارێك لە مانگی شەشی ساڵی پار كارمان لەسەر بابەتی لێخۆشبوون كردووە و رەزامەندی درابوو، ئێستا ماوەكەی بۆ 31/3ی ئەمساڵ درێژ كراوەتەوە، دەشڵێ بەهۆی ئەو بریارەوە ژمارەیەكی زۆری هاوبەشانی ئاو لێی سوودمەند دەبن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بكەن بۆ ئەوەی لەو داشكاندنە سوودمەندبن و سەرجەم بەرێوەبەرایەتییەكانی ئاویش ئاگادار كراونەتەوە كە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی داهاتی ئاو، ئەو بریارە جێبەجێ بكەن.