Skip to the content

لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی دەگۆڕدرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گۆڕینی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، ڕۆژی ٢٩/٤/٢٠٢١ ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی كۆتایی بە كارەكانی هات و بەگوێرەی پەیڕەوێكی نوێ ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی هاوشێوەی هەولێر و دهۆك پێك دەهێندرێتەوە، كە پێشتر لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی هەولێر بە دەستبەكاربوونی ستافێكی نوێ كارا كرایەوە.

بەگوێرەی پەیڕەوە نوێیەكەی پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لەسەر بنەمای پلەی شارەوانییەكان دیاری دەكرێن و رێژەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانیش ٧٥%ی لە سەرۆکی فەرمانگە حکوومییەکانی شار و شارۆچکەكان پێك دێن، كە هاوبەشیکردنی سەرۆکی فەرمانگە حکوومییەکان لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دەبێتە هۆکارێک بۆ هەماهەنگیی زیاتری نێوان فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان لەنێوان ئەو فەرمانگانە و شارەوانیدا.

هەروەها لە پەیڕەوە نوێكەدا رێژەی ٢٥%یش لە نوێنەری رێكخراوە ناحکوومییەکان و سەندیكا و رێكخراوە پیشەییە تایبەتمەندەكان دەبن، كە ئەمە یەكەمجارە نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكاكان بەشداری لە پێكهێنانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكاندا دەكەن.