Skip to the content

دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی نزیکەی ٥٠ ملیۆن دینار لە شارۆچكەی عەنكاوە جێبەجێ دەكرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی شارۆچكەی عەنكاوە، دوو پڕۆژەی دروستكردنی شەقام و تۆڕی ئاو لە شارۆچكەكە جێبەجێ دەكرێن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش گوژمەی بۆ پرۆژەكان خەرج كرد.

پێشتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی شارۆچكەی عەنكاوەی كرد و لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كۆبووەوە و بەدواداچوونی بۆ ڕەوشی خزمەتگوزاری و جەختیشی لەسەر خزمەتكردنی زیاتری عەنكاوە كردەوە.

ڕۆژی 22/11/2021 لە فەرمانێكی وەزاریدا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانی، بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەیەك بە بڕی نزیكەی 50 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی تۆڕی ئاو لەگەڵ چاككردنی شەقام بە كۆنكرێتكردن لە بەرانبەر كۆمەڵگەی مارعۆدا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی عەنكاوە.