Skip to the content

سۆران.. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەت لە دەڤەرەكە کۆ بووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بۆ گوێگرتن لە پێشنیاز و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە داواکانیان،ڕۆژی سێشەممه (2/11/2021) ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەریی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەگەڵ تەواوی فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەو دەڤەرە کۆ بووەوە و دووپاتی لە هێڵە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت کردەوە کە خزمەتی هاووڵاتییانە و پێی ڕاگەیاندن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هەموو دەڤەرەکانی کوردستان بە یەک چاو سەیر دەکات، هەروەها جەختیشی كردەوە كە دەبێت ڕۆتین كەم بكرێتەوە و كاروباری هاووڵاتییان بە زوویی ڕایی بكرێت.
سەرەتای كۆبوونەوەكە، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كورتەیەكی لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی باڵای وەزارەت و فەرمانگەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باس كرد و سوپاسی گوێگرتن و بە تەنگەوەهاتنی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ داواكانیان كرد، پاشان ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتەیەكدا وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵكی سۆران كە بووەتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، ئەوەشی خستە ڕوو، وەزارەتەكەی هەموو هەمانگییەک لەپێناو پێشکەوتنی خێرا بۆ دەڤەرەکە پێشکەش دەکات، بە تایبەتی پاش ئەوەی بووە ئیدارەیەکی سەربەخۆ و بۆ ئەم مەبەستە بەزووترین کات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی دادەمەزرێن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێنمایی كرد كە خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان و فەرمانبەر و بەرپرسانی حكومەت خزمەتكارن و دەبێت خزمەتی هاووڵاتییانی دەڤەرەكە بكەن، هاوكات جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی دەبێت ڕۆتین كەم بكرێتەوە و بە زوویی مامەڵە و كاروباری هاووڵاتییان جێبەجێ بكرێت. هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی ڕاگەیاند، ئێمە لە ساڵی 2014ـەوە لە دۆخێكی قەیراناویی ئابووریداین، ئەمەش وای كردووە حكومەتی هەرێمی كوردستان كارە سەرەكییەكانی بەپێی ئەو بودجەیەی لەدەستیدایە دابەش بكات، ئەمەش وایكردووە، ئەولەوییەت بۆ دابەشكردنی مووچە بێت، پاشان خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان، ئەمەش وایكردووە لە هەندێك كەرتدا ڕاددەی پێشكەوتن و پڕۆژەكان كز ببن، بەڵام ئەمەش واینەكردووە كار و پڕۆژەكان ڕابوەستن و پەپێی گرنگییان كاریان لەسەر كراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەرانی ئامادەبوو، داواکارییەکانی دەڤەرەكە و فەرمانگەکانی خۆیان گەیاندە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و لە بەرانبەریشدا ساسان عەونی وێڕای خۆشحاڵی بە خەمخۆرییان بۆ خزمەتكردنی خەڵك، داوای لێ كردن كە هەریەكیان بەپێی ئەو بەرپرسیارییەتییەی هەیانە، هەموو توانایەكی خۆیان بخەنە گەڕ و حكومەتیش بەپێی ئەو توانایەی هەیەتی، هەوڵ دەدات هەموو داخوازییەكانی خەڵكی هەموو دەڤەرەكانی كوردستان جێبەجێ بكات.
ئەم کۆبوونەوەیە، لەمیانی سەردانێکی شاندی باڵای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە پێکهاتبوون لە سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوان، نەخشەدانانی ئاوەدانی و پڕۆژەکان لە ناو وەزارەت.