Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دوا قۆناغی خاوێنکردنەوەی پاشماوەی لافاوەکەی هەولێر بەسەر دەکاتەوه

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە (4/11/2021) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی خاوێنکردنەوەی گەڕەکی "شاری زێڕین"ـی لە شاری هەولێر کرد کە بەهۆی لافاوەوە زیانی بەرکەوتبوو. خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە تیمەکانی شارەوانی لە کارەکەیان بەبێ وەستان بەردەوام بوون و توانیویانە تا ئێستە زیاتر لە 90%ـی پرۆسەی خاوێنکردنەوە تەواو بکەن، داواشی لێ کردن پاش تەواوبوونی هەموو خاوێنکردنەوەکه، جارێکی دیکە سەرلەبەری خاوێن بکەنەوە و هیچ شوێنەوارێکی لافاو لە گەڕەکەکەدا نەمێنێت. 

لە میانەی سەردانەکەیدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە نزیکەوە گوێی لە داخوازیی هاووڵاتییانی گەڕەکەکە گرت و بەڵێنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێ ڕاگەیاندن کە حکومەت بەبێ جیاوازی قەرەبووی هەموو ماڵە زیانلێکەوتووەکان دەکاتەوە. 

شایەنی باسە، لەکاتی ڕوودانی لافاوەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنی لافاوەکەی کرد و لەگەڵ هاووڵاتییان گفتوگۆی کرد و جەختی لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان کردەوە، هەروەها بڕیاری خەرجکردنی سێ ملیار دیناریش دراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان.