Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ هۆكارەكانی ڕوودانی لافاو و چۆنیەتی ڕێگریكردن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی لافاوی لەو شێوەیە كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 1/11/2021 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە شاری هەولێر هاوڕێ لەگەڵ شاندێكی فراوانی دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەت کە بریتیی بوون لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و هەردوو جێگرەكانی، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ژمارەیەك ئەندازیاری تایبەتمەند، سەردانی دەوروبەری شاری زێڕین و گوندی كۆری و گەنجان و بەحركە و شێخەشەل و گردجوتیاری کرد و ئاوەڕۆ سرووشتییەكانی سنوورەكەی بەسەرکردەوە و گوێی لە شیکردنەوەی ئەندازیارانی تایبەتمەند گرت. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ هۆكارەكانی ڕوودانی لافاو و چۆنیەتی ڕێگریكردن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی لافاوی لەو شێوەیە كرد و بە وردی دیراسەی ڕێڕەوە ئاوییە سرووشتییەكان و تێكەڵكردنیان بە ئاوەڕۆ سەرەكییەكان كرا. جێی سەرنجە کە بەشێکی ئەو ڕێڕەوە سرووشتیانە دەستکاری کراون و ڕێگرن لەبەردەم ئاسان ڕۆیشتنی ئاوی باراناو.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە تیمەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕۆژی لافاوەكەوە لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای ڕزگاركردنی هاووڵاتییان، بە بەردەوامی سەرقاڵی خاوێنكردنەوەی شوێنەكانن، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی زوودا ژیانی خەڵك لەو شوێنانە ئاسایی ببێتەوە.