Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان به‌سه‌ر كرده‌وه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە هەماهەنگییەکان بۆ دروستکردن و کارکردنی فەرمانگە بڕیارلێدراوەکان، ڕۆژی سێشەممە (2/11/2021) ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی شاری سۆرانی کرد و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشوازیی لێ کرا. لە کۆبوونەوەیەکدا کە قایمقامەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەبوون، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆ سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد کە  بەردەوام هاوکار بووە بۆ ئەوەی زوو کارەکانیان وەک ئیدارەی سەربەخۆ ڕاپەڕێنن. 
شاندەکەی وەزارەت پێکهاتبوون لە سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوان، نەخشەدانانی ئاوەدانی و پڕۆژەکان لە ناو وەزارەت. 
پاش کۆبوونەوەی شاندی باڵای وەزارەت  لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقام و بەڕێوەبەرەکانی دەڤەرەکە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامانجی سەردانەكەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند، بۆ کارابوونی هەموو جومگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەک وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو ڕێوشوێنێک دەگرینە بەر و لە ماوەیەکی نزیکیشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سۆران دەکەونە کار، هەروەها پیرۆزبایی لە خەڵکی دەڤەری سۆران کرد و هیوای خواست کە بەهۆی بوونی ئیدارەی سەربەخۆ ناوچەکە زیاتر پێش بکەوێت.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا هەڵگورد شێخ نەجیب ڕایگەیاند، هەموو داواکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانمان بە وەزیری شارەوانی و شاندی یاوەری گەیاند و خۆشبەختانە پشتیوانیی خۆیان و هەموو هەماهەنگیێکیان دەربڕی.