Skip to the content

ساسان عەونی: دەبێت بە میكانیزمێكی نوێ و كاتێكی دیاریكراو مامەڵەی هاووڵاتییان ڕایی بكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە (5ی ئەیلوولی 2021) ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر خزمەتكردن و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی ڕۆتین لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و جێگرەكانی و سەرۆك بەشەكان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی هەولێر و نەخشەدانانی ئاوەدانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ئاوی دەوروبەری هەولێر، ئەنجام دا.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێنماییەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ڕوونكردەوە كە دەبێت كارەكانی هاووڵاتییان بە میكانیزمێكی نوێ جێبەجێ و ڕایی بكەن واتە هەر مامەڵەیەك لە كاتێكی دیاریكراودا بێت و هاووڵاتییان بزانن كە لەچی كاتێكدا مامەڵەكانیان تەواو دەبێت و ناكرێت هاووڵاتی لە چاوەڕوانی بەڕێكردنی مامەڵەكەیدا بهێڵدرێتەوە، لەگەڵ گرتنەبەری هەموو ڕێكارێكی پێویست بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی ڕۆتین لە سەرجەم فەرمانگەكان.
هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستخۆشی لێكردن لە خۆماندووكردن و جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانیان و داواشی لێكردن كە پێویستە زیاتر خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەوەی باشتر و ڕێكوپێكتر كارەكانیان ئەنجام بدەن، لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە پێویستە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بەبێ ماندووبوون لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بن و هیچ كەسێكیش بۆی نییە كەمتەرخەمیی لە ئاست خزمەتكردنی هاووڵاتییاندا بنوێنێت، چونكە فەرمانگەكان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان دامەزراون، بۆیە هەر كەس و بەرپرسێكی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان لەو ڕووەوە كەمتەرخی بنوێنن، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەكان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هاوكات گوتیشی بەدواداچوونی ورد و جددی بۆ ئەنجامی ئەو كۆبوونەوە دەكەین و لە بەیانییەوە هەر كەس و فەرمانگەیەك كەمتەرخ بووبێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت.